دوای جەنگی جیهانی دووەم1 کە جاڕنامەی مافی مرۆڤی بە دوادا هات(1948)، هەوڵ و تەقەلایەکی زۆر دراوە بۆ پەیڕەوکردنی یەکسانی لە نێوان هەردوو ڕەگەزی نێرومێدا لە سەرجەم بوارەکانی ژیاندا. ڕۆژ لە داوای ڕۆژ ئەم کەلێن و ناهاوسەنگیە بەرەو کاڵبوونەوە و ڕۆچوون دەچێت. بە فراوانی زانراوە و سەلمێندراوە کە پێویستییەکی سەرەکیە بۆ مرۆڤ لە منداڵیەوە یەکسانی لە هزریدا بچێنرێت لە داهاتودا کاریگەری ئەرێنی لە سەر کۆمەڵگاو دەوڵەت دادەنێت. بەبێ پرۆسەی پەروەردە ئەستەمە یەکسانی بێتەدی، بۆیە، پرۆسەی پەروەردە گرنگی پێدراوە و کراوە بە ئامرازێک بۆ گەێشتن بە ئەو ئامانجە.
یەکسانی لە پرۆسەی پەروەردەدا لە زۆربەی وڵاتانی گەشەکردودا بە وردی و فراوانی لە سەرانسەری سیستەمی پەروەردەدا پەیڕەودەکرێت. بەهاکانی لە نێو کۆمەڵکادا ڕەنگی داوەتەوە، هەروەها لە زۆربەی وڵاتانی گەشەکەردا، چ پرۆگرامی خودی دەوڵەت یان بە یارمەتی وڵاتانی گەشەکردو و ڕێکخراوە جیهانیەکان بێت کاردەکرێت بۆ گەیشتەن بەرەو ئەو ئامانجە.
دوای راپەڕینی ساڵی1991، پەروەردە كەوتە دەست حکومەتی کوردستان. پرۆگرامەکان/مەنهەج بە بڕیارێكی سیاسی خرانە سەر زمانی كوردی و چەندین هەنگاوی باش نران بۆ پاكژكردنی پرۆگرامەكان لە شیعارە زەقەكانی بەعس. هەزاران قوتابخانە/خوێندگا بیناكران و نوێژەن كرانەوە. ئەمە یەكەم جارە لە مێژووی ئەم بەشەی کوردستاندا ڕێژەی قوتابی/خوێندكار لە ڕەگەزی مێ بەشێوەیەكی بەرچاو بەرزبۆتەوە. هەروەها هەردوو ڕەگەز بە یەکسانی و بێجیاوازی لە قوتابخانەکانی/خۆێندگاکانی هەرێم دەخوێنن، ئەمەش مایەی دڵخۆشیە. وەزارەتی پەروەردە زۆربەی پڕۆگرامەکانی(پەڕتوك) نۆێكردۆتەوە، بەڵام تێبینی كراوە کە بابەتی بەسەرچووی تێدایە كە كاتی حكومەتی عێراق دەخوێندران و بابەتە تازەكانیش کەلێن و ناهاوسەنگی لە نیوان ڕەگەزی نێرومێدا بەشێوەیەكی بەرچاو بەدی دەکرێت، ئەمەش ناگونجێت لە گەڵ شارستانێتی سەردەمەدا. لە کاتێکدا ئەم پەڕتوکانە لە دوای ئازادکردنی عیراق نۆێکراونەتەوە، ئەمەش ناجۆرە لە گەڵ مادەی (20 )بڕگە سێیەم و مادەی(27) بڕگەی پێنجەم لە پرۆەی دەستووری هەرێمی کوردستان2 و مادەی(29) بڕگەی چوارەم لە دەستووری عێراق. “پیاوو ژن بەرامبەر بە یاسا وەک یەکن و حوکومەتی هەرێم دەبێت هەوڵ بدات هەموو کۆسپێک لە ڕێگای یەکسانی لە ژیان و مافە شارستانی وسیاسی و کۆمەڵایەتی و ڕۆشنبیری ئابووریەکاندا لابرێ و حوکمەتی هەرێم دەبێت ئەو مافانە لە دەستوورەو لەو پیماننامانەدا هاتوون و لەلایەن دەوڵەتی عێراقەوە پەسەندکراوەن بۆ هەموان دەستەبەر بکات.” ( پرۆژەی دەستووری هەرێمی کوردستان–عێراق، مادەی(20) بڕگەیسێیەم)
ئەو پرسیارانەی دێنە گۆڕێ: بۆچی ناهاوسەنگی و نایەکسانی لە نیوان ڕەگەزی نێرومێدا هەیە و هۆکارەکانی چین؟
بۆ وەڵامدانەوەی پرسیرەکان پێنچ پەڕتوكی خوێندنی بنەڕەتی پەروەردەی هەرێم شرۆڤەدەکەین و هەوڵدەدەین بۆ دەستنیشان و خستنەڕووی ئەو ناهاوسەنگی و نایەکسانیانەی لە نیوان ڕەگەزی نێرومێدا تێبینی دەکرێن و هۆکارەکانی بە ئەو ئامانجەی چارەسەربکرێن.
2- پۆڵینکردنی بابەتەکان
شیکاردەکەین بۆ پێنج پەڕتوك کە لە دوای ساڵی ٢٠٠٦ نوسراون یان نۆیکراونەتەوە، خۆێندەوەی کوردی پۆلی دوو– پۆلی شەش. بڕوانە ختشەی ژمارە(١) .
دەق و وێنە لە قۆناغی سەرەتاییدا بەکاردەهێنرێن بۆ نووسینی بابەتە(یەکە) کانی پەڕتوک. بۆیە لەم نووسینەدا هەردووکیان3 بەکارهێنراون بۆ دەستنیشانکردنی پێگەی ڕەگەزی نێرومێ لە بابەتەکاندا. هەریەک لەم پەڕتوکانە پێکهاتوە لە چەندین بابەتی سەربەخۆ. بەپێی پێگەی ڕەگەزی نێرومێ لە بابەتەکەدا، بابەتەکان پۆلێندەکرێن بە سێ بەشەوە: ڕەگەزی مێ، ڕەگەزی نێر و بێلایەن.
ا-ڕەگەزی مێ.
بەشی ڕەگەزی مێ 19 بابەتە لە کۆی129 بابەت لە پێنچ پەڕتوکەکدا کە دەکاتە (14.7%). بابەتەکان دوو جۆرن:
-
ئەو بابەتانەن کە لە سەداسەد دەربڕی چەمکی ڕەگەزی مێن، چوار بابەتن. بۆ نموونە خانزادی سۆران، حهپسهخانی نهقیب ( ڕیزمان و خوێندنەوەی کوردی بۆ پۆلی پێنجەمی بنەڕەتی).
-
ئەو بابەتانەن کە تایبەتمەندنین بە ڕەگەزی مێوە، بەڵام کەسایەتی ڕەگەزی مێ لە نێو هەردوو دەق و وێنەی بابەتەکەدا یان لە یەکێکیاندا زاڵە، 15 بابەتن. بۆ نموونە: پەڵە هەورێک سەربوردی خۆی دەگێڕێتەوە، قوتابی ژیر( خوێندنەوەی کوردی بۆ پۆلی چوارەمی بنەڕەتی).
لە بابەتی پەڵە هەورێک سەربوردی خۆی دەگێڕێتەوە، دایک وڵامی پرسیارەکانی نازەنین دەداتەوە دەرباری دروستبوونی هەورو باران، دایک ڕۆڵی ڕابەرایەتی دراوەپێی، سەرچاوەی زانیارییە، بۆیە بابەتەکە پۆڵینکراوە بۆ ڕەگەزی مێ.
بابەتی قوتابی ژیر، هۆنراوەیەکی گشتی/بێلایەنە، هیمای تێدا نییە بۆ نێرومێ، بەڵام وێنەی قوتابییەکی کچ دانراوە لە بابەتەکەدا، بۆیە بابەتەکە پۆڵینکراوە بۆ ڕەگەزی مێ. بۆ زیاتر، پۆڵینی سەرجەم بابەتەکان ئەم فایەلە داگرە
ب– ڕەگەزی نێر
بەشی ڕەگەزی نێر 65 بابەتە لە کۆی129 بابەت لە پێنچ پەڕتوکەکداکە دەکاتە (50.4%). بابەتەکان دوو جۆرن:
ئەو بابەتانەن کە لە سەداسەد دەربڕی ڕەگەزی نێرن هەشت بابەتن. بۆ نموونە: تەوفیق وەهبی، شەرەفخانی بەدلیسی(ڕیزمان و خوێندنەوەی کوردی بۆ پۆلی شەشەمی بنەڕەتی) .
ئەو بابەتانەن کە تایبەتمەندنین بە ڕەگەزی نێرەوە بەڵام کەسایەتی ڕەگەزی نێر لە نێو هەردوو دەق و وێنەی بابەتەکەدا یان لە یەکێکیاندا زاڵە،60 بابەتن. بۆ نموونە: مهشخهڵی ئۆڵۆمپی، كونه كهروێشك ( ڕیزمان و خوێندنەوەی کوردی بۆ پۆلی پێنجەمی بنەڕەتی).
لەبابەتی مەشخەڵی ئۆڵۆمپی دا، شێرۆ وەڵامی پرسیارەکانی شیلان دەداتەوە دەربارەی مەشخەڵی ئۆڵۆمپی. ڕەگەزی نێر(شێرۆ) ڕۆڵی ڕابەرایەتی دراوەپێی و سەرچاوەی زانیارییە. بۆیە بابەتەکە پۆڵینکراوە بۆ ڕەگەزی نێر.
ج– بێلایەن
بەشی بێلایەن45 بابەتە لە کۆی129 بابەت لە پێنچ پەڕتوکەکدا کە دەکاتە (34.9%). بابەتەکان دوو جۆرن:
کەسایەتی ڕەگەزی نێرومێ یەکسانە لە نێو بابەتەکەدا، وەکو بابەتی خێزانێکی بەختەوەر (خوێندنەوەی کوردی بۆ پۆلی دووەمی بنەڕەتی).
کەسایەتی ڕەگەزی نێرومێ لە نێو دەق و وێنەی بابەتەکەدا نییە، نموونە: چۆلەکە و ڕێوی، شێرو مشك(خوێندنەوەی کوردی بۆ پۆلی چوارەمی بنەڕەتی).
بابەتی خێزانێکی بەختەوەر، دەقەکە دەربارەی خێزانێکە، نەنێر و نەمێ زاڵە لە دەق و وێنەکەدا بۆیە پۆڵینکرا بۆ بێلایەن.

3- ناهاوسەنگی و نایەکسانی
لە پۆڵێنکردنی بابەتەکاندا وەک خشتەی(1) پیشانی دەدات بۆمان دەردەکەوێت کە کەلێنکی بەرین هەیە لە نیوان پێگەی ڕەگەزی نێرومێدا لە هەر پێنچ پەڕەتوکەکەدا. لە هەموو پەرتوکەکاندا گرنگی و قورساییەکی زێدە بەدەر دراوە بە ڕەگەزی نێر، کێشەکە هەر ئەوە نییە کە ڕەگەزی نێر بەشی شێری بەرکەوتوە کە 65 بابەتە و ڕەگەزی مێ کەمترین بەشە کە 19 بابەتە لە کۆی 129بابەت، بەڵکو نایەکسانی و لێکنەچوون لە ڕووی داڕشتنی دەق و دەستەواژەی نادروست و وێنەی ناجۆر سەبارەت بە ڕەگەزی مێ بە ڕوونی و زەقی بەدی دەکرێت لە هەردوو بەشەکەدا. لێرەدا هەندێ لە ئەو کێشانە بە کورتی دەخەینەڕوو هەرچەندە ئەم بابەتە پێوێستی بە توێژینەوەی زیاتر هەیە.
ا– پەراوێز و کپکردن
گۆێنەدان بە پێگەی ڕەگەزی مێ لە هەر پێنچ پەڕتوکەکەدا بە زەقی ڕەنگیداوەتەوە. لێرەدا دوو نموونە دەخێنەڕوو:
لە بابەتی هەڵەبجەی شەهید دا نوسراوە “هەڵەبجە هەمیشە مەڵبەندی ئەدەب و ڕۆشنبیری بووە و چەندین شاعیرو نووسەری وەک (مەولەوی) و (نالی) و (تایەربەگ) و (ئەحمەد موختارجاف) و (گۆران)ی لێبووە، هەروەها مەڵبەندی کوردپەروەری و شۆرشە یەک لە دوای یەکەکانی کوردستان بووە…” ( ڕیزمان و خوێندنەوەی کوردی بۆ پۆلی شەشەمی بنەڕەتی،ل 108). ناوی پێنچ شاعیری گەورە لە دەقەکەدایە. دووان لەو شاعیرانە کوڕی عادیلە خانن. ناکرێت باسی ڕۆشنبیری و کوردپەروەری و مێژووی هەڵەبجەی شەهید بکرێت و پێگەی خودی عادیلەخان فەرامۆش و کپبکرێت ئەمەش مایەی سەرسووڕمان و تێڕامانە! بێگومان عادیلەخان نەك وەک دایکی دوو شاعیر بەڵکو وەکو کەسایەتیەکی سەرکردەو ڕۆشنبیر کە چالاک بووە لە بواری کۆمەڵایەتی و دیبلۆماسی و بڕیارداندا زیاتر لە عوسمان پادشای هاوسەری ئەمەش مایەی شانازی میلەتێکە.
لە بابەتی دلڤین و ژینگە دا دەقەکە بەم شێوەیە دەستپێدەکات “دلڤین خوێندکارێکی زیرەکە لە پۆلی چوارەمی بنەڕەتی دەخوێنێت رۆژێکیان لە گەڵ دایك و باوکی لەناو باخچە دانشتبوون گفتوگۆیان دەکرد.” ( خوێندنەوەی کوردی بۆ پۆلی چوارەمی بنەڕەتی، ل 12). لە 13 دێڕەکەیکەدا گفتوگۆیەک دروست دەبێت لە نێوان دلڤین و باوکیدا دەربارەی پرسیارێکی مامۆستا “بۆچی ئاووهەوای گوند لە هی شار خاوێنترە؟” باوکی وەڵامی پرسیارەکانی کچەکەی دەداتەوە و ئەوێش سوپاسی باوکی دەکات بۆ زانیارییەکانی. دایك لە دەقکەدا هیچ ڕۆڵێکی پێنەدراوە لە هەر15 دێڕەکەدا تەنها یەك وشەیە “دایک“! بە زمانە سادەکەی خەڵق ڕۆلی دایك قوڕوقەپی پێکراوە. لە هەر پێنچ پەڕتوکەکەدا ڕۆڵێکی وەکو ئەو جۆرە نەدراوە بە ڕەگەزی نێر. هەروەها دایك لە وێنەکەدا نیە. ئەم جۆرە دەقە پەیامێکی پەرودەیی دروست نادات بە منداڵ.کەسایەتیە مێژوویەکان، وەکو مروڤ، چ لە ڕەگەزی مێ یان نێر بێت پێویستە: ژیاننامە، چلاکی سیاسی و ڕۆشنبیریان لە ڕووداوەکاندا بخرێنە پرۆگامەکانی خۆێندنەوە. ئەگەر شێوەی ڕووخسارو بەژن و باڵا کاریگەری لە سەر ڕووداوە مێژوویەکانی ئەو کەسایەتیەدا نەبووبێت پێویستناکات بخرێنە پرۆگامەکانی خۆێندنەوە. ئەوەی زانیاری بەخشە بۆ منداڵ کارەکانیانە نەک شێوەی ڕووخسار و بەژن و باڵایان.
ب- ڕەگەزی مێ و جوانی
کەسایەتیە مێژوویەکان، وەکو مروڤ، چ لە ڕەگەزی مێ یان نێر بێت پێویستە: ژیاننامە، چلاکی سیاسی و ڕۆشنبیریان لە ڕووداوەکاندا بخرێنە پرۆگامەکانی خۆێندنەوە. ئەگەر شێوەی ڕووخسارو بەژن و باڵا کاریگەری لە سەر ڕووداوە مێژوویەکانی ئەو کەسایەتیەدا نەبووبێت پێویستناکات بخرێنە پرۆگامەکانی خۆێندنەوە. ئەوەی زانیاری بەخشە بۆ منداڵ کارەکانیانە نەک شێوەی ڕووخسار و بەژن و باڵایان.
لە هەر پێنچ پەڕتوکەکەدا هەشت بابەت بۆ کەسایەتی مێژوویی ڕەگەزی نێر و سێ بابەت بۆ ڕەگەزی مێی تەرخانکراوە. لە بابەتەکانی ڕەگەزی نێردا هیج دەقێک نییە دەبارەی شێوەی ڕووخسار و تەن و باڵای کەسایەتیکە، بەڵام لە دوو بابەتی سێ بابەتەکەی ڕەگەزی مێدا ئەم شێوە باسکردنە هاتووە.
لە بابەتی خانزادی سۆران دا نووسراوە” خانزادی سۆران ئافرەتێکی باڵابەرز و جوان و ڕێکوپێک بووە،” ( ڕیزمان و خوێندنەوەی کوردی بۆ پۆلی پێنجەمی بنەڕەتی ،ل87). لێرەدا پرسیار ئەوەیە بۆ دەبێت لە ناساندنی ژنێکی سەرکردەدا باسی باڵا و ڕووخساربکرێت؟ هەروەها تابلۆیەکی4 کچێکی کەنجی 15-20 ساڵ دانراوە بە خشل و زێڕەوە، پڕ ڕەنگ و سورمە پۆش، دەستێکی لە کەمەریدایە، زیاتر لە مۆدیل دەچێت تالە خانزادی سوار چاك و سەکردەی چەکدارانی میرنشینی سۆران.
لە بابەتی لەیلا قاسم دا نووسراوە“ئەو بەژن و باڵاکەی هاوتەریب لە گەڵ هۆش و بیری مەزن دەبوون“ ( ڕیزمان و خوێندنەوەی کوردی بۆ پۆلی شەشەمی بنەڕەتی،ل97). دەستەواژەی “بەژن و باڵاکەی” بۆ وەسفی ڕۆمانسی و غەزل بەکاردەهێنرێت و نادروستە بۆ ناساندو وەسفکردنی ئافرەتێکی شەهید. ئەم شێوە دەربڕینە نەك لە پرۆگرامەکانی خوێندندا بەڵکو لە میدیای باویشدا دروست نییە، هەروەها لکاندنی بەژن و باڵا بە بیری مەزنی شەهیدەوە، نە عەقڵ قبوڵیدەکات و نەلۆژیك!
لە بابەتی جوانی دا تابلۆیەکی کچێکی منداڵ: دوو پرچی درێژی زەرد، جلی کوردی پۆش، دوو سەبەتەی دەستی پڕ لە گوڵ و ڕاوەستاوە لە سروشتدا. لە وانەیە وێنەیکی ڕومانسی ببەخشێت بە هەندێ کەس، بەڵام لە زەمینەی واقیعدا زیاتر لە بووکەڵەی سوپەربازاڕەکان دەچێت کە جلی کوردیان بە بەرداکردوە تا لە بەخشینی جوانی ئەو منداڵە قژ ڕەشانەی لە جادەکانی نێو شارەکانی هەرێمدا، چەپکە گوڵی نێرگز دەفرۆشن بۆ بژێوی ژیانیان. ڕێک لە ژێر تابلۆی ئەو کچە منداڵەدا نوسراوە “جوانی لە بەژن و باڵاو لەش و لاری رێکو پێکدایە” ( ڕیزمان و خوێندنەوەی کوردی بۆ پۆلی شەشەمی بنەڕەتی،ل77) دەستەواژەی جوانی بەژن و باڵا لە هەر پێنج پەڕتوکەکەدا تەنها ئاماژەیە بۆ جەستەی ڕەگەزی مێ، پەیامیکی ناپەسەند و نەگونجاوە بۆ پەروەردەکردنی منداڵ. هەروەها دەتوانرێت وەکو چەمکی سێکسیست و بێ ڕێزی بە ڕەگەزی مێ خوێندنەوەی بۆ بکرێت. لێرەدا زیاتر لە سەری نانووسین بۆ کەسانی پسپۆڕی ئەو بابەتە بەجێ دەهێڵین لێکۆڵینەوەی دروستی بۆ بکەن. هەروەها لەگەڵ سیاسەتی پەروەردەیی لەخۆگرتبوون ناجۆرە.
“لەخۆگرتبوونی کۆمەڵایەتی کاری ئەرێنییە بۆ گۆڕینی ئەو بارودۆخ و نەریتانە کە دەبنە (بوونە) هۆی لەخۆنەگرتبوون/دابڕانی کۆمەڵایەتی“(Robo، M)
لەخۆگرتبوون بەشێکە لەبەهاکان و ئاکاری پەروەردە، لەژێر چەتری پەروردەدا هەموو تاکێک دەبێت هەست بەئاسودەیی و دەڵنیایی و هێمنی بکات ، شکۆ و بەهاکانی پارێزراوبێت.
دەستەواژەی جوانی بەژن و باڵا بە هیچ جۆرێک لەگەڵ بەهاکان و ئاکاری واژەی لەخۆگرتبوون یەکناگرنەوە. بۆ نمونە: چی بە منداڵێك بڵێن کە جەستەی وەکو کودەکانی ناو پرۆگرامەکانی خوێندن نییە! یان بە منداڵانی ئەو شەهیدانە کە جەستەی شەهیدەکانیان وەکو کودەکانی ناو پرۆگرامەکانی خوێندن نین! ئەمانە( هیما بۆ بەژن و باڵا و ڕووخسار) کاری نەرێنی لە سەر دەروونی منداڵ و پرۆسەی خوێندن دادەنێت.
ج– کاری ناوماڵ و دەرەوە
هەر وەکو چەمکەکانی تری ئەم پەڕتوکانە کەلێنێکی بەرین هەیە لە نێوان نێرومێدا لە کاری ناوماڵ و دەرەوەدا. لە سەرجەم دەقی بابەتەکاندا 20 کاری کارامە و ناکارامە دراوە بە پیاو هەروەها 18 وێنەی پیاو لە کاتی کارکردندا وەک پزیشک، مامۆستا، کرێکار، جوتیار وشوان….هتد هاتووە. ڕەگەزی نێر هێچ ڕۆڵێکی پێنەدراوە لە کاری ناوماڵ و خێزاندا جگە لە ڕاوێژکاری و سەرچاوی زانیاری نەبێت.
لە لایەکی دی یەك ڕۆڵی مامۆستایی و دوو وێنەی ماموستا دراوە بە ڕەگەزی مێ و بابەتێك بە ناوی “کۆلێرە” تەرخانکراوە بۆ کاری ناوماڵ و وێنەی ژنێک هەویر دەشێلێت.
بە ڕوون و ڕاشەکاوەی لە بابەتی “خۆشەویستی دایک و باوک“دا بنەمای فکری و فەلسەفی سەبارەت بە ڕۆڵی ڕەگەزی نێرومێ لە کۆمەڵگادا دیاریدەکات، ڕەگەزی مێ بۆ کاروباری ناوماڵ ” دایک لە پێناوی تۆ خۆی دەڕەنجێنێت سۆزی خۆیت بەسەر دەبارێنێت………بەزمانێکی شیرین لەخەوت هەڵدەستێنێت… جلەکانت لەبەردەکات، خواردنت بۆ ئامادەدەکات.” و ڕەگەزی نێر بۆ کاری دەرەوە ” باوك… بە دڵێکی فراوانەوە هەموو ڕۆژێک لە ماڵ دێتەدەر، دەست بە کارکردن دەکات، تا بژێوی منداڵەکانی دابین بکات،” (ڕیزمان و خوێندنەوەی کوردی بۆ پۆلی پێنجەمی بنەڕەتی، ل49-50 ).
د– ڕابەرایەتی، ئامۆژگاری و سەرچاوەی زانیاری
لە نۆ بابەتدا ڕەگەزی نێر ڕۆڵی ڕابەرایەتی و ئامۆژگاری و سەرچاوەی زانیارییە، بۆ نموونە: جوانکاری شار, ڕەوشی ڕێگاوبان، مەشخەڵی ئۆڵۆمپی….هتد. هەروەها پیاوە ناوداراکان کە هەشت بابەتن. لە هەشت وێنەدا پیاو دەرکەوتوە وەک مامۆستا، باوک ئامۆژگاری کچەکەیدەکات، باوک ئامۆژگاری کوڕەکەی دەکات….. هتد.
بەشی ڕەگەزی مێ چوار بابەتن. بۆ نموونە: باخی گشتی، پەڵە هەوریک سەربوردەی خۆی دەگێڕێتەوە….هتد. هەروەها ئافرەتە ناودارەکانی کورد کە سێ بابەتن. لە دوو وێنەدا وەکو مامۆستا ڕۆڵی پێدراوە.
بابەتی “پەڵە هەورێک سەربوردی خۆی دەگێڕێتەوە” و “مەشخەڵی ئۆڵۆمپی” لە بەشی 2- پۆڵینکردنی بابەتەکاندا شرۆڤکران.
4- هۆکار و ئاکامی بەهاکان
نووسینی هەر بابەتێکی( یەکەیەک) پەڕتوکی پەروردەیی دەبێت ئامانجێك یان چەند ئامانجێك بپێکێنێت. لە سەر بنەمایەکی فکری دیاریکراو داڕێژرابێت لە هەمان کاتدا بەهاکانی مرۆڤایەتی، کۆمەڵایەتی و شارستانێتی ڕەچاوبکرێت. له هەرێمی کوردستاندا لە ڕووی دەستووری، ڕۆشنبیری، سیاسی و کۆمەلایەتیەوە هیچ بەربەستێک نییە کە پێگەی ڕەگەزی نێرومێ یەکسان نەبێت لەپرۆگرامەکانی خۆێنددا، بەڵام بە پێچەوانەوە نایەکسانیەکی قووڵ هەیە لە بەرنامەکانی خوێندنی ئێستادا. هەڵبەتە ئەم بابەتە پێویستی بە تۆێژینەوەی زیاتر هەیە، لێرەدا تەنها بە کورتی چەند هۆکارێکی هەبوونی ئەم نایەکسانییە دەخەینەڕوو.
1- بە هەمان ڕێچکەی پەروەردەی عێراق کە لە شەستەکانی سەدەی ڕابوردوودا لە سەرانسەری سیستەمەکدا یەك دوو وێنەی ئافرەتێکی مۆدێرن کە مامۆستا بوون و یەک دوو کەسایەتی ژن خرابوونە پرۆگراماکانەوە، بەشەکانی دی ڕەگەزی نێر پاوانی کردبوون. هەنووکە چەندێن بابەتی دی بۆ زیاد کراوە، بەڵام بە پێی هەلومەرجی ژیانی سەردەم و مادەکانی دەستوور وسیاسەتی حوکمەتی هەریم ڕێژەی ڕەگەزی مێ زۆر لە خوارەوەیە، کەمترە لە 15%!
2- جوانی وەکو هیمایەک بۆ جەستەی ڕەگەزی مێ تایبەتمەندی پەروەدەی هەرێمە لە پەروەردەی عێراقەوە بۆمان نەماوەتەوە. لایەنە نەرینییەکانی کەلتور کشاونەتە نێو پرۆگرامەکان یان دەکرێ کاریگەری ئەدەبی کلاسیکی کوردی بێت کە جوانی ڕەگەزی مێ تیایدا پێگە باڵایە. بە هزر و بیری/عەقلێەتی شەکسپیر پرۆگرامەکانی خوێندنی بەریتانیا دانەڕێژراون، ئەدەبی کلاسیکی گیان و مێژووی گەلە بەڵام هەندێ چەمکی بۆ ژیانی سەردەم بەتایبەتی پەروەردەی منداڵ ناگونجێت.
3- لە نەبوونی سیاسەتێکی پەروەردەیی دیاریکراو بۆ کەشەدان و نووسینی پروگرامەکان/پەڕتوک، ئامانج و بەهاکان بەڕوونی و ڕەوانی تیادا دیاریکرابێت، دەرگا واڵادەکات بۆ لایەنە نەرینییەکانی کەلتور و پاڵنەری خودی(الدافع الذاتی) لە بێڕۆکە و بۆچوون… هتد، بەئاگایی و نائاگایی دزەدەکەنە5 نێو پرۆگرامەکان. ئەمەش وادەکات ئامانج و بەهاکان نەپێکێن بەو شێوەی پلانی بۆ داڕێژراوە، ناڕێکوپێکی (عدم التناسق) بابەتەکان دێنە بەرهەم.
5- دەرئەنجام
بە شێوەیەکی کورت پێگەی رەگەزی نێرومێ شرۆڤەکرد لە پێنج پەڕتوکی خوێندندا، دەرکەوت کە بەشی ڕەگەزی مێ زۆر کەمە،19 بابەتە، و ڕەگەزی نێر بەشی شێری بەر کەوتوە65 بابەتە.
لە هەندێ بابەتدا پێشێلی بە کەسایەتی ڕەگەزی مێ کراوە، لە هەندێ بابەتی تردا ڕەچاوی پێگەی ڕەگەزی مێ بە باشی کراوە، ئەم ناڕێکوپێکیە و جیاوازیە لە داڕشتینی بابەتەکاندا، دەیگێڕینەوە بۆ نەبوونی سیاسەتێکی پەرودەیی دیاریکراوا بۆ کەشەدان و نووسینی پروگرامەکان.
پێشنیار
– دەستەواژەی جوانی بەژن و باڵ تەنها ئاماژەیە بۆ جەستەی ڕەگەزی مێ پەیامیکی ناپەسەندە و گونجاو نییە بۆ پەروەردەکردنی منداڵ و پێویستە لابرێن بە تایبەتی ئەوی لە بابەتی ” لەیلا قاسم” دا هاتووە.
– وەزارەتی پەروەردە بەرپرسیارە لە 1.8 ملوێن فێرخواز، پیویستە بەشێکی( یەکە) هەبێت کە تایبەتمەندبێت بە یەکسانی ڕەگەزی نێرومێ/ جێندەر ( Gender Equality) یان بەلانی کەمەوە کەسێکی پرۆفیشنەڵ ، شارەزا چاودێری سەرانسەری سیستەمەکە بکات.
– پێوێسە پێشەنگی و ئەولەویەت بدرێت بە نووسەری ڕەگەزی مێ لە نووسینی پرۆگامەکانی خۆێندندا کە هەنووکە کەمن و ئەگەر نین لە هەندی بواردا پێویستە هەوڵبدرێت بۆ دروست کردنیان
سوپاس و پێزانین
جێیخۆیەتی سوپاس و پێزانینی ئەو بەڕێزانە بکرێت کە ئەرکی نوسینی پرۆگرامەکانیان لە سەر شانە، کارەکانیان ئەنجامداوە بەو شێوەیەی کە لێیان داواکراوە، هەر بابەتێک لە پۆلدا دەخوێندرێت بە چەند فلتەرێکدا دەڕوات. لە نەبوونی سیاسەتێکی پەروەردەیی بۆ وڵات هەر ئەوەی لێ سەوزدەبێت کە ئێستا لە بەردەستدایە.
پەراوێزەکان:
- (1) شۆرشی ئۆکتۆبە 1917، دوریکی باڵای هەبوو لە چەسپاندنی مافی ڕەگەزی مێ لەو بلوکەی خۆیداو کاریگەری هەبووە لە سەر حزبە شوعیەکانی جیهان. هەروەها وڵاتە ئمپریالیستەکان قوتابخانەی مۆدێرنیان دامەزراند لە کۆڵۆنیەکاندا.
- (2) هەموو لایەنە سیاسیەکان له سەر مادەی(20)و(27) کۆکن.
- (3) دەقی ڕاهێنان بە کارنەهێنراوە بۆ پۆلێنکردن.
- (4) تابلۆی پیاوە ناودارەکانی کورد لە تەمەنی 40 ساڵ و بەرەژوور دروستکراون.
- (5) چەندین دستەواژە و وێنە هەیە لە نێو پرۆگرامەکانی خۆێندندا کە پەیوەندی نییە بە بابەتەکەوە، پیوێستە لابرێن.
سەرچاوەکان:
پرۆژەی دەستووری هەرێمی کوردستان-عێراق کتێبخانە گشتیەکان،هەولێر،ژمارەی سپاردنی(777) ،2000 -1 2- خوێندنەوەی کوردی بۆ پۆلی دووەمی بنەڕەتی. چاپی شەشەم ٢٠١٣. 3- خوێندنەوەی کوردی بۆ پۆلی سێیەمی بنەڕەتی. چاپی شەشەم ٢٠١٣. 4- خوێندنەوەی کوردی بۆ پۆلی چوارەمی بنەڕەتی چاپی هەشتەم ٢٠١٥. 5- رێزمان و خوێندنەوەی کوردی بۆ پۆلی پێنجەمی بنەڕەتی چاپی چوارەم ٢٠١١. 6- رێزمان و خوێندنەوەی کوردی بۆ پۆلی شەشەمی بنەڕەتی چاپی پێنجەم ٢٠١٢. 7- Iraqi Constution-2005 8- Robo، M. Social inclusion and inclusive education www.academicus.edu.al/nr10/Academicus-MMXIV-10-181-191.pdf [Accessed (online) 10 May 19]