
مامۆستا
ڕهوا زیدان
دوای ١٧ ساڵ خوێندن، وا چەند رۆژێکە دەستپێکی وەرزی نوێی خوێندنە و من خوێنکار نیم. هەستەگەلێکی خۆش و ناخۆش، ئاسایی و سەیرم هەن. رۆژگارێک کە باڵام لەپرسیارەکانم کورتر بوو، ئەو رۆژانەی تەمەن رێگەی پێنەدەدام بە مامۆستاکانم بڵێم بۆچی؟. یەکەم رۆژی خوێندن و دەستپێکی قۆناغی سەرەتایم، ئەو رۆژانەی مامۆستا بە دار و شوڵی گەورەوە دەهاتنە ناو پۆلەکان. کاتێک دەستم پێنوسی گرت و پیتەکان فێربووم، لە خۆشی فێربوون، پەرەی یەکەمی دەفتەرەکەم بە ناوی خۆم پرکردەوە. یەکەم کەس کە ناسیم و لەسەر ئەو کارەم لێیدام، کەسێک بوو. دەیگوت باوکتم، باوکم لێی نەدەدام. دەیگوت دایکم، دایکم لێی نەدەدام. هەڵەیەک لە یەکەم رۆژی خوێندن، کە هۆکارەکەی تامەزرۆییە بۆ فێربوون. مامۆستاکان، کە هەریەکەیان بە جۆرێک لە یادەوەریمدا ماونەتەوە. هەندێکیشیان تا ئەبەد برینێک لەناومدا.
مامۆستا، لەدونیای بچووکی ئێمە هەموو کەس دەتوانێت ببێتە مامۆستا. پلەیەک زۆر کەس بێ ئەوەی شارەزاییەکی ئەوتۆیان هەبێت پێی دەگەن. لێرە مامۆستا واتە تورە و دردۆنگ، واتە ئەوەی گەر تۆی مامۆستا کاتێک چوویتە ناو پۆلەکان، خوێنکارەکان هەموویان سەرداخەن و تاکۆتایی وانەکە پرسیارێکیش چییە نەیکەن. لێرە پەیوەندی خوێنکار و مامۆستا زیاتر لە پەیوەندی کۆیلە و ئاغا دەچێت. لێرەشدا خوێنکار دەگاتە ئاستێک هەموو ئەو نەهامەتییانەی لەماوەی خوێندن بەسەری دێت دەیخاتە ئەستۆی مامۆستاکەی، مامۆستاش کە هەمیشە خۆی بە گەورە و سەروەر، دایک و باوک، دەبینێت. خۆی لەو بەرپرسیارییە لادەدات و خوێنکار بە هۆکار دەزانێت. لێرەوە کێشەی مامۆستا و خوێنکار دەست پێدەکات.
مامۆستا لە بچووکترین پێناسەدا، ئەرکە، بەرپرسیارێتییە، پەروەدەکردنە، دڵسۆزییە، مەعریفەیە. مامۆستایی خۆ خستنە ژێر بارێکی گران و دژوارە کە چێژ و بەهای خۆی هەیە. لێرە مامۆستاکان پۆلەکانی خوێندن وەک سزاخانە و زایندانی تاکەکەسی دەبینن. مامۆستاکانی ئێمە هەمیشە لەجێیەکی مەعریفەدا گیردەخۆن، هەمیشە مەلزەمە و کتێب و دەفتەرێک دەبەنە پۆلەکان، گەر لێیان ون بێت ئەوا چیتر ناتوانن وانەکانیان بڵێنەوە، هەمیشە خوێنکار شتێکی لەوە زیاتری دەوێت کە مامۆستاکەی دەیزانێت دەی گەر وانەبێت خوێنکار نییە. شورەییە بۆ مامۆستایەکی بیرکاری، خوێنکارەکەی نەزانێت کەرەت و دابەش و کۆکردنەوەیەک بێ هەڵە بکات. عەیبەیە بۆ مامۆستایەکی زانست، خوێنکارەکەی بگاتە قۆناغێکی بەرز و هێشتا نەزانێت خۆی چییە و چۆن دروست بووە. نەنگییە بۆ مامۆستایەکی ئینگلیزی، خوێنکارەکەی خوێندن تەواو دەکات و پیتەکان فێرنابێت. داوەشینە بۆ هەموو مامۆستاکان کە وانەیەک لە وانەکان بۆ پەروەردەی خوێنکارەکان دابین ناکەن بە بیانوی تەواوکردنی مەنهەج!
بچوکترین پێناسەی پۆلەکانی ئێمە بریتییە لە: کۆمەڵێک وانەی رۆحپروکێن، خەیاڵکوژ، لەشدارزێن. کۆمەڵێ مامۆستای توورە و تۆراو و داخدار و تۆڵەسێن، کۆمەڵە پۆلێک بەرهەمەکەی کۆمەڵێک داهۆڵ، کۆمەڵە مرۆڤێکی بێ رۆح، کۆمەڵەێ تووتی کە زیقەیان دێت، کۆمەڵەێک کە هیچ فێرنەبوون وا تێگەیەنراون هەموو شت دەزانن. کۆمەڵە