١- پێشینە
ئاستی لاوازی و نادروستی پەروەردە لە زۆربەی وڵاتانی کەشەدار بە تایبەتی لە ئاسیا و ئەفریقادا بۆتە دیاردەیەکی بەربڵاو ، بۆتە کێشەیەکی جیهانی و جێی سەرنج و گرنیکی پێدانی رێکخراوە جیهانیەکان وەکو یونیسکۆ، مەکۆی پەروەردەی جیهانی(World Educational Forum ……. هتد. یەکێک لەو کێشانە ،لاوازی پرۆگرامەکانی/پەڕتووک خۆێندنە لە ڕووی چەندین و چۆنایەتیەوە، نە لکاندنی بە ژینگەی فێرخواز و وڵاتەوە (کۆپیکردنی سیستەمێکی دی)، پەروەردەی هەریمی کوردستان بێ بەشنیە لەو دیاریدەیە.
ئەم تۆڕە پەروەردەییە هەوڵدەدات بە ناساندن و دامەزراندنی هەندێک لەو پێوەرانەی کە پێویستن بۆ نووسین و پەرەپێدان و نۆژەن کردنەوەی پرۆگرامەکان/پەڕتووك. هەروەها سوود وەردەگرێت لە ئەو پێوەرانەی جێگیربوون و بەکاردێن بۆ پەرەپێدان و نووسینی پرۆگرامەکانی پەروەردە لە زۆربەی وڵاتانی جیهاندا: مافەکانی تاك، جێندەر (توخمی نێر و مێ)، یەکێتی ووڵات ، هۆشیاریی کۆمەڵایەتیی و جیهانیی، ژینگە…. هتد
٢– ئامانجەکان
هەوڵدەدات بە ناساندنی هەندێك لەو پێوەرانەی کە پێوستن بۆ نووسینی پرۆگرامەکانی پەروەردە/پەڕتووك، بە ئەو هیوایەی ببێت بە یەکێك لە ئەو سەرچاوانەی بۆ دەوڵەمەندکردنی نووسین و پەرەپێدانی پرۆگرامەکان، هەروەها ببێت بە سەکۆیەك بۆ لێکۆلێنوە و تێزی پەروەردەیی.
٣-بنەمای دانانی پێوەرەکان
دەبێت زۆر بە وردی کار لە سەر دانان و دەستنیشانکردنی پێوەرەکان بکرێت ؛چونکە بە ئەو ئامانجە دەنووسرێن کە ببنە یەکێك لە سەرچاوەکان بۆ نووسین، پەرەسەندن و نۆژەنکردنەوەی پرۆگرامەکان. بەلای کەمەوە ئەم خاڵانەی خوارەوە ڕەچاوبکرێن:
- دەبێت لە گەڵ کەلتوور، داب ونەریتی کۆمەڵایەتییدا بگونجێت.
- بەرەنگاری لایەنە نەرێنییەکانی کەلتووربێت.
- پەروەردە دەبێت ( زۆربەی پرۆگرامەکانی) خۆجێی بن ،بە تایبەتی لە قۆناغی سەرەتاییدا.
- لکاندنی پرۆگرامەکان بە ژینگەی فێرخواز و وڵاتەوە، لە قۆناغی داهاتوودا هەنگاو بە هەنگاو تێکەڵبێت بە پەروەردەی جیهانیی و لە هەمانکاتدا نابێت خۆجێیەتی لە دەستبدات.
- پرۆگرامەکان لە سەر بنەماکانی دەستووری وڵات دابڕێژرێت.
- مافەکانی مرۆڤ و مەکۆی پەروەردەی جیهانی (World Educational Forum) ببێت بە یەکێك لە سەرچاوەکان بۆ دانانی پێوەرەکان.
٤-پێوەرەکان و بەشەکانی پەرتووك
نووسین هەر پەڕتووكێكی خوێندن دەکەین بە سێ بەشەوە، پەیوەندی هەر بەشە و پێوەرەکان دەخرینە ڕوو.
ا- ناوەڕۆك (سەردێڕی ماددەکە)
پسپۆڕانی مادەی خۆێندن بڕیاردەدەن لە سەر دەستنیشانکردن و هەڵبژاردنی ناوەرۆکی بابەتی خۆێندن.بۆ نمونە: بیرکاریی قۆناغی سەرەتایی ئەمانە لە خۆدەگرێت: ژمارە، پێوانە، ئەندازە، کۆکردەنەوە، لێدەرکردەن،لێکدان، دابەشکردن،ڕێژە، چێوە،ڕووبەر، گۆشە،تیرە….هتد. پسپۆڕانی بیرکاری ناوەرۆکی بابەتەکە دەستنیشان دەکەن لە چ قۆناغێکدا چی بخوێنرێت، پێوەرەکانی ئەم تۆڕە بۆ ئەم مەبەستە نەنووسراون.
ب– گەیاندنی ناوەرۆك
ماموستا، ناوەرۆك دەگەیەنێتە فێرخواز، جگە لە وەی کە پێویست دەکات رێنمایی هەبێت بۆ گەیاندنی ناوەرۆك ،دەبێت پرۆگرام/ پەرتووك بە شێوەیەکی زانستی داڕێژرابێت بە پێی تیۆرەکانی فێربوون، یارمەتی ماموستا بدات بۆ گەیاندنی ناوەرۆك بە شێوەیەکی کارا، پێوەرەکان پشتگیریی لە بیرۆکەی لکاندنی نووسینی پەرتووك بە تێۆرەکانی فێربوونەوە دەکەن.
ج– هەڵبژاردنی بابەت بۆ گەیاندنی ناوەرۆك
دەبێت پرۆسەی پەروەردە خۆجێی بێت بە تایبەتی پرۆگرامەکانی خۆێندن/پەرتووك ڕاستەوخۆ لکابێت بە ژینگەو ژیانی فێرخواز و وڵاتەوە، هەر ئەم فاکتەرەیە تایبەتمەندی بە پەروەردەی وڵاتدەدات، هەروەها کاریگەری لە سەر فێرخواز و لکاندنی بە گۆمەڵگاو وڵاتەوە دادەنێت، پێناسەی نشتیمانبەندی پتەوتردەکات و بە گشتی پرۆسەی خۆێندن کاراترو ئاسنانتردەکات. پێوەرەکان، بەگشتیی، بۆ ئەم بەشەی پرۆگرامەکان/پەرتووك داڕێژراون.