پێوەرەکان

لە تەك گەیاندنی/فێرکردنی ناوەرۆکی مادەکانی خوێندندا، پێوێستە پرۆسەی پەروەردە دوو ئامانج ببپێکێت: ١- پێکانی ئامانجەکانی نشتیمانی. ٢- پێکانی ئامانجەکانی تاك. پێوەرەکان (پێوەری١ تا پێوەی١٠) بەو ئاراستەیە نووسراون ئەو دوو ئامانجە ببپێکن، هەروەها لە بەر گرنگیان، پێوەری١١ و پێوەری١٢ تایبەت بۆ ئە دوو ئامانجە نووسراون، بۆیە هەندێ بێرۆکە دووبارە کراونەتەوە

پێوەری١: لکاندنی پرۆگرامەکان/پەرتووك بە ژینگەی فێرخوازەوە

دەبێت پرۆگرامەکان/پەرتووك ڕاستەوخۆ دەربڕی ژیان و ژینگەی فیرخوازبن، بەتایبەتی لە قۆناغی سەرەتاییدا، ئەو شتانە لە خۆبگرێت کە فێرخواز پێیان ئاشنایە، وەکو خێزان، گەڕەك، قوتابخانە..هتد. هەنگاو بە هەنگاو ئەو شتانە بخرێنە نێو پرۆگرامەکان کە فێرخواز پێیان ئاشنانیە و لە سنووری جوغرافیای فێرخوازدانین، وەکو نشتمان و جیهان ……هتد. بۆیە دەبێت ماددەکانی پرۆگرامەکان/پەرتووك لە ئاشناوە بەرەو نائاشنا دابڕێرژێن.

تێبینی: گەورەترین کێشەی پەروەردەی وڵاتانی کۆڵۆنیاڵی پێشوو لە ئەفریقیا و ئاسیادا، پرۆسەی پەروەردە لە کۆمەڵگا دابڕاوە, ئەمەش کاریگەری نەرێنی دەبیت لە سەر پرۆسەی فێربوون و فێرکردن و دروستبوونی پێناسەی نیشتیمانی/ نشتیمانبەندی.

پێوەری٢: پەرەپێدان و ڕێزگرتنی کەلتوور

کەلتوور گشت بەهاکانی کۆمەڵگا لە خۆدەگرێت، جۆرەکانی پەیوەندیی تاکەکان و خێزان لە نێوکۆمەڵگادا دیاریدەکات، تێهەڵکێشراوە/بەتەن(تەجسید)کراوە لە نێو گشت دەزگاکانی دەوڵەتدا. ڕوون و ئاشکرایە کەلتوور گرنگیی و مەزنیی خۆیی هەیە، دەبێت ئەم لایەنە فرە بەهەند وەربگیرێت لە کاتی ئامادەکاریی بۆ داڕشتن و نووسینی پڕۆگرامەکان/پەڕتووك، ئەم خاڵانەی خوارەوە ڕەچاوبکرێن:

  • سەرجەم لایەنەکانی کەلتوور، وەکو: زمان و ئەدەب، مێژوو، مۆسیقا، جلوبەرگ، خواردن….. هتد . گرنگییان پێبدرێت وبخرێنە نیۆ پرۆگرامەکانی خۆیندنەوە.
  • بۆنە کەلتوورییەکان گرنگییان پێ بدرێت.
  • ئەرك و کاری پەروەردەیە فێرخواز ئامادەبکات بۆ بەرەنگاری ئەو جۆرە نەریتە نەخوازراوانەی کە لە دێرەوەلە ناوکۆمەڵگادا سەرچاوەیانگرتووە.

تێبینی: پەروەردەی عێراق لە سەر فەلسەفەی پەروەردەی یەکێتی عەرەبی دامەزراوە، گرنگی بە زمان و ئەدب و مێژووی عەرەب دەدات ، کەلتووری نەتەوەو پێکهاتەکانی دی پەراوێزدەکات، ئەمەش کاریگەریی لە سەر پەروەردەی کوردستان داناوە

پێوەری٣: پەرەپێدان و ڕێزگرتن لە فرەکەلتووری و هەمەجۆری(Diversity) نشتیمان

کار و ئەرکی پەروەردەیە کەلتورە جیاوازەکان بەیەکەوە گرێبدات، قەبووڵکردن و ڕێزگرتنی فرەکەلتووری و هەمەجۆری لە ناخی فێرکاردا بچێنێت، ئەمەش، دەبێتە هۆی هێمنی و پێکەوە ژیان. پێویستە نووسەران زانیاری تەوایان لە سەر فرەکەلتووری و هەمەجۆری وڵات هەبێت وبخرێنە نێو پرۆگرامەکان/پەرتووك و لە سەرجەم قوتابخانە/خۆێندگاکانی وڵات دابخۆێنرێن. قوتابخانە بووە بە گرنگترین دەزگا بۆ تێکەڵبوون، پرۆگامەکان/پەرتووك بە هێزترین و کاریگەرترین ئامرازە بۆ تێکەڵبوونی کەلتوورەکان، گۆڕینی نەرێنییەکانی کەلتوور، فیڕبوون لە کەڵتورەکانی دیکەوە(acculturation ).لە کاتی ئامادەکاریی بۆ داڕشتن و نووسینی پڕۆگرامەکان/پەڕتووك، پێوێستە ئەم خاڵانەی خوارەوە ڕەچاوبکرێن:

  • دیمۆگرافی پێهاتەکانی وڵات بخوێنرێت.
  • کەلتووری پێکهاتەکان ، مێژوو، موسیقا، جلوبەرگ، خواردن.و…. هتد ، گرنگییان پێبدرێت و بخرێنە نیۆ پرۆگرامەکانی خۆیندنەوە.
  • بەرەنگاربوونەوەی نەژادپەرستیی، دەمارگێریی بەرانبەرکەلتووری ئەوی دی لە جلوبەرگ ، خواردن، دین …هتد.

تێبینی: پەروەردەی عێراق و کوردستان پەیڕەوی مافی پێکهاتەکان دەکەن، پێکهاتەکان بەزمانی دایك دەخۆێنن، قوتابخانە/خۆێندگای تایبەتی خۆیان هەیە. فرەکەلتووری و هەمەجۆری هەتا ئێستا نەخراوەتە پرۆگرامەکانی سەرجەم قوتابخانە/خۆێندنگاکانی وڵات.

پێوەری٤: جێندەر، یەکسانی توخمی نێرینە ومێینە

پرۆسەی پەروەردە، فێرکردن و فێربوون دەبێت پاڵنەربێت بۆ یەکسانیی ڕۆڵی توخمی مێینە و نێرینە لە نێو گشت پرۆگرامەکانی خۆێندندا، کاریگەریی ئەرێنی لە سەر پرۆسەی خۆێندن دەبێت, توانا و بەهرەکانی کچان و کوڕانی فێرخواز کاراتر و باشتر گەشەدەکەن. دەبێت نووسەران تەحەددای/بەرەنگاری لایەنە نەرێنیەکان ببنەوە کە لە دێرەوە لە کۆمەڵدا سەرچاوەیان گرتوە وبوونەتە باو، ئەمە، بووەتە هۆی دروستبوونی نایەکسانی لە نێوان کچ و کوڕدا، کچ لە منداڵییەوە سەرکۆنە کراوەو پەراوێزخراوە. دەبێت ڕۆڵی نێرینە و مێینە بە یەکسانی دابڕێژرێت ولە سەرجەم پرۆگرامەکاندا جەختی لەسەر بکرێتەوە، بۆ نموونە : لە پیشە کاندا ،کارامە و ناکارامە،لە ماڵەوە و دەرەوەدا، هەروەها لەگشت بەشەکان و لایەنەکانی تری ناو پەڕتووكدا، وەکو: وێنەکان، دەق/تێکست ،ڕاهێنان و چالاکییەکان ….. هتد بگرێتەوە.

تێبینی: لایەنە نەرێینیەکانی کەلتوور کشاون بۆ نێو پرۆگرامەکان/پەڕتووك، ڕۆڵی ڕابەرایەتی و سەرەکی بە توخمی نێرێنە دراوەو لاوەکیش بە توخمی مێینە، زۆربەی دەق، وێنە و ڕاهێنانەکان دەربارەی توخمی نێرێن.

پێوەری٥: پەروەردە، هۆشمەندیی و کێشە کۆمەڵایەتییەکان

هیچ کۆمەڵگایەك بێ کێشەنییە، پەروەردەی درووست و کارا ، فێرخواز ئامادە دەکات بۆ ژیان و پێوێستی ئەو کۆمەڵگایەی کە تیایدا دەژی. لە ڕێگای سیستەمی پەروەردەوە دەتوانرێت هۆشمەندیی و هۆشیاریی کۆمەڵایەتیی پەرەیان پێبدرێت بە ئەو ئامانجەی کەسایەتییەك بەرهەم بێنێت کە لە ئاستی بەر پرسیارێتی کۆمەڵایەتیدابێت، توانای هەبێت بەرەنگاری لایەنە نەرێنییەکانی کۆمەڵ ببێتەوە و ببێت بە بەشێك بۆ چارەسەری کێشەکان. پرۆگرامەکان دەبێت تێشك بخەنە سەر بەهاکان بۆ پەرەپێدانیان و گرنگیی بدات بە کێشە کۆمەڵایەتییەکان. هەندێک لە کێشەکانی کۆمەڵگا قانوونیان بۆ دانراوە، بەڵام قانوون بەبێ هۆشمەندیی کۆمەڵایەتیی ئەستەمە پەیڕەوبکرێت. ئەو کێشانەی لە نێو کۆمەڵگاداهەن، پێویستە بخرێنە نێو پرۆگرامەکانی خۆێندنەوە، چەند نموونەیەك:

  • تاوان و کوشتنی ئافرەت.
  • بەکارهێنانی چەك و تاوانەکانی کوشتن.
  • ڕۆڵی نەرێنیی میدیا و سۆشیاڵ میدیا.
  • مادەی هۆشبەر هەنووکە لە کوردستاندا لە تەشەنەکردندایە.
  • کێشەکانی هاتووچۆ کە ساڵانە قوربانی زۆریان لێدەکەوێتەوە.
  • تەندروستیی، خۆراك، جگەرە، دەرمان، نەشتەرگەریی جوانکاری…..هتد.
  • کێشەکانی دەنگ و ڕێزنەگرتن لە دراوسێ.
  • دەست نەگرتن بە ئاو کارەباوە.
  • ڕێز نەگرتن لە کەلوپەلی دەوڵەت ، سامانی نیشتمانیی و خەڵک .
  • پەناهەندەیی، ئاوارە بوون و کێشەکانی لە کوردستاندا.
  • پیسکردنی ژینگە.
  • کێشەکانی فێرخواز وەکو: خۆکووشتن، وازهێنان لە خۆێندن….هتد
  • ڕێک نەخستنی کات و درەنگ خەوتن.
  • هونەری ئاخافتن.
  • بەکار هێنانی بێسەروبەری ئامێرە ئەلیکترۆنییەکان(لەلایەن گەورەو گچکەوە).

تێبینی: پەروەردەی عێراق لە سەر فەلسەفەی پەروەردەی یەکێتیی عەرەبیی دامەزراوە، کۆمەڵگای عەرەبی/عێراقی وەکو کۆمەڵگایەکی ئایدڵ بە بێ کێشە و خەوش وینادەکات ئەمەش کاریگەری لە سەر پەروەردەی کوردستان داناوە.

پێوەری٦: گرنگیدان بە ئابووری

ئابووری دەبێت لە سەرجەم پرۆگرامەکاندا ئاماژەی پێبکرێت، بڕبڕەی ژیانی تاك و گۆمەڵگایە. پێوێستە فێرخواز ئامادەبکرێ بۆ ژیان و کارکردن، فێرخواز لە منداڵییەوە فێربکرێت، ڕێز لە کار/پیشەی کارامە و ناکارامە بگرێت، جگە لەئەوەی بژێوی تاك و خێزان دابیندەکات لە هەمان کاتدا پەرەدەدات بە ئابووریی ووڵات. پاراستنی سامان و سەکتەر/کەرتەکانی دەوڵەت، موڵکی هەمووانە و بۆ هەمووانە، بە تایبەتی گرنگی بدرێت بە کەرتی پەوەردە و تەندروستی کە ڕاستەوخۆ لە خزمەتی گشت خەڵک/گەلدان، خەڵک گەورەترین سامانی ووڵاتن، کادری کارامە و تەندروست ووزە و پەرەدەدات بە ئابووری. هەروەها کەرتی تایبەت بە هەند وەگێرێت، پێوێستە پەروەردە زانیاری تەواوی هەبێت لەسەر بازاڕی کەرتی تایبەت بەو ئامانجەی فێرخواز ئامادەبکات و لە داهاتودا لەو کەرتە کار پەیدابکات. پێوێستە نووسەران زانیاری تەواویان لە سەر سەکتەر/کەرتەکانی ئابووریی وڵات هەبێت و بخرێنە نێو پرۆگرامەکانی خۆێندن.

تێبینی: سیستەمی پەروەردەی عێراق و کوردستان پرۆگرامەکانیان نە لکاون بە ئابووریی وڵاتەوە.

پێوەری٧: دیزاینی پەرتووك بەپێی تیۆری فێربوون

دەبێت پەرتووکی خۆێندن بە پێی تیۆری فێربوون دیزاین بکرێت، ئەمەش کاری پسپۆڕانە، هەماهەنگی تەواو هەبێت لە نێوان نووسەران و هونەرمەندان/دیزاینەرانی پەڕتووكدا. لە سیستەمی دوودەوامید ، فێرخواز کاتێکی فرەزۆرلەدەرەوەی پۆلدا لە گەڵ پەرتووکدا دەباتەسەر، بۆیە دیزاینی پەرتووك کاریگەری فرەزۆری لە سەر پرۆسەی تێگەیشتن و گواستنەوەی زانیاری دەبێت، هەروەها دیزاینی باش لە ئەرکی ماموستا کەم دەکاتەوە. پێویستە ئەم خاڵانە بۆ دیزاینی پەڕتووك ڕەچاو بکرێن:

  • پەرتووك بە پێی تیۆری فێربوون دیزاین بکرێت، (بلۆم )یەکێکە لە سەرچاوەکان.
  • فرە زانیاری و زانیاری زیاتر لە خۆبگرێت لە ئەوەی لە سەردێڕی ماددەکە(syllabus ) دەستنیشان کراوە، بۆ ئەوانەی کە دەیانەوێت زیاتر لە ماددەکەدا قووڵببنەوە.
  • فێرخواز کاتێکی فرەزۆر لە گەڵ پەرتووکدا بەسەردەبات ، بۆیە پێویستە هەندێ لە بەشەکانی وەکو پەرتووکی خودفێرکردن (Self Study) دیزاین بکرێن.
  • چالاکییەکان هەر تیۆری نەبن، چالاکیی کردەیی لە خۆبگرن و پەیوەستبن بە کۆمەڵگاوە.

تێبینی: لە سەرەتای دامەزراندنی سیستەمی پەروەردەی عێراقەوە هەتا ئێستا گۆڕانێکی ئەتۆ بە سەر دیزاینی پەرتووکدا نەهاتووە. وێنەیەك و دە‌قێک بە دوایدا نووسراوە، ئەمە ناجۆرە لە گەڵ تیۆری فێربووندا.

پێوەری٨: ئایین و مێژوو

ئایین: پێوێستە سوود لەئەو پەیامە ڕۆحییانە وەربگیرێت کە: دەستپاکیی و ڕەوشتپاکیی، خودا پەرستیی، ڕۆحی لێبوردن و قەبووڵکردنی جیاوازییەکان تیادایە.. .. هتد، بە ئەو ئامانجەی فێرخواز ئامادەبکات بۆ بەرەنگاربوونەوەی بیری توندڕەویی و کاری تێرۆریستی. هەروەها هەردوو تەریقەتی قادریی و نەقشبەندیی بە بەربڵاوی پەیڕەوکراوە و دەکرێت، لە کوردستاندا، بووە بە بەشێک لە مێژوو، و کەلتووری کورد، پێویستە بخرێنە پرۆگرامەکانی خۆێندنەوە.

مێژوو: ئەوەی جێی سەرنجە گرنگی دراوە بە مێژووی سیاسی و حوکمڕانی و، بە شەکانی تری مێژوو پەراوێزکراون. پێوێستە گشت بەش/لقەکانی مێژوو بخرێنە نێو پرۆگرامەکانی خۆێندن، لە سەرجەم مادەکانی خۆێندندا بە پێی پێویست ڕەنگبدەنەوە ، بۆ نمونە:

  • مێژووی پەروەردەی کوردیی.
  • مێژووی جل و بەرگ.
  • مێژووی چنین، بەڕەو و فەرش.
  • مێژووی موسیقا ، هەڵپەڕکێ و هونەری میللی.
  • مێژووی شۆینەوارە دێرینەکان.
  • مێژووی ژینگەی فێرخواز : گەڕەك، شار، دێ…. هتد

تێبینی: پێوەرەکان بۆ پەرەپێدانی پرۆگرامەکان/پەرتووك هەمەلایەنین، تایبەت نین بە ماددەیەکی خۆێندنەوە، بەڵام ئایین و مێژوو دوو ماددەن کە لە سیستەمی پەروەردەی عەرەبیی/عێراق دا, کراون بە ئامراز بۆ گەیاندنی بیرۆکەی یەکێتیی عەرەبی، بۆیە ئەم پێوەرە تەرخانکرا بۆ ئەو دوو ماددەیە. پەروەردەی عێراق لە سەر فەلسەفەی پەروەردەی یەکێتیی عەرەبیی دامەزراوە، گرنگی بە مێژووی سیاسی و حوکمڕانی وبە شەکانی تری مێژوو پەراوێزکراون، ئەمەش کاریگەریی لە سەر پەروەردەی کوردستان داناوە.

پێوەری٩: پرسی جیهانی( مافی مرۆڤ، ژینگە، تەندروستیهتد)

هۆشمەندیی نێونەتەوایەتیی/جیهانیی دەربارەی هەندێ پرسی دیاریکراو کە زۆربەی وڵاتانی جیهان واژۆیان لە سەکردووە و پشتگیریی لێدەکەن بخرێتە چوارچێوەی کارکردن، وەکو جاڕنامەی جیهانیی مافی مرۆڤ، پەروەردە بۆ هەمووان، پاراستنی ژینگە، تەندروستیی…. هتد ،پێویستە نووسەران ئاگادارییان لە سەر ئەم پرسانە هەبێت وبەپێی پێویست لەناوپرۆگرامەکان دا،دابنرێن.


پێوەری١٠: چاندنی کەلتووری سەخت کۆشی بەدەست کارییەوە وەرگێڕدراوە ١

“ گرنگە کەلتووری سەخت کۆشیی لە ناخی فێرخوازدا بچێندرێت ، ئەمەش بە ڕێكخستنی کارای کاتی ناوەوە و دەرەوەی پۆل ،دێتە دی، لە ڕێی داهێنان ، چالاکیی سەرنجڕاکێشەر و دڵخوازەوە ،و بە کارەکیی کردنی چالاکییەکان ،بە دیی دێت. گووتنەوەی وانە تەنیا بە تیۆریی ، بێزاریی قوتابی لێدەکەوێتەوە، چونکە حەزو ئارەزووی فێرخواز دەکوژێت. جگە لە پەیڕەوکردنی ڕێگاکانی وانەگووتنەوە، پێوستە لە پرۆگرامەکان-پەرتوكدا ،پێشنیازی کردەیی وانەگووتنەوە و پێداویستییەکانی تێادابێت، یارمەتیدەربێت بۆ پەیوەستکردنی بە بواری تیۆری بە کارەکیی. پێویستە بە بەردەوام یارمەتی و هانی فێرخوازبدرێت بۆ دۆزینەوەی خۆی. کاتی گوێگرتن لە ماموەستا دەبێت کورت بێت و یەکسەر چالاکیی بە دوادا بێت. منداڵ پێویستی بە یارمەتی و ڕێنمایی هەیە بۆ پڕکردنەوەی کاتی ئازاد/دەستبەتاڵی، ئەمە نابێت بەربەستبێت لەو کاتانەی کە خۆیان پاڵنەرن بۆ یاریکردن، بەڵکو دەبێت فێری پلانی ماوەدرێژبکرێن ، بۆ پەرەپێدانی ژیانیان ولە کات بە فیڕۆدان دووربخرێنەو .

پێویستە بە ،بەردەوام یارمەتی و هانی فێرخوازبدرێت بۆ دۆزینەوەی خۆی. کاتی گوێگرتن لە ماموەستا دەبێت کورت بێت و یەکسەر چالاکیی بە دوادا بێت. منداڵ پێویستی بە یارمەتی و ڕێنمایی هەیە بۆ پڕکردنەوەی کاتی ئازاد/دەستبەتاڵی، ئەمە نابێت بەربەستبێت لەو کاتانەی کە خۆیان پاڵنەرن بۆ یاریکردن، بەڵکو دەبێت فێری پلانی ماوەدرێژبکرێن ، بۆ پەرەپێدانی ژیانیان ولە کات بە فیڕۆدان دووربخرێنەوە.

کارکردن لە دەرەوەی پۆل ،وەکو ڕاهینان و ئەرکی ماڵەوە، دەخوازێت لە بازنەی تواناکانی منداڵدابێت، ئەمە، دوو ئامانج دەپێکێت لە تەک چاودێریی ئەوەی، کە تا چەند وانەکە بە باشی گووتراوەتەوە ،کە چاوەڕێی تێگەێشتنی ماددەکە و کارتێکردنی ناوەکییشی لێدەکرێت(Inernalizs) . منداڵان فێربکرێن کار وئەرکەکانیان جێبەجێبکەن بەبێ پێویستبوونی ڕاوەستانی سەرپەرشتیاربەسەریانەوە. ئەمش کارامەیی درێژەدانە بە ژیان و پێوستییەکە، بۆ هەموو فیرخوازان و، گرنگە بە بەردەوام پەیوەستبن بە تەواوکردنی ئەرکەکانیانەوە.”

پێوەری١١: پێکانی ئامانجە نشتیمانیی/نەتەوەییەکان بەدەست کارییەوە وەرگێڕدراوە٢

ئەمانە بەشێکن لەئەو ئامانجانەی کە لە زۆربەی شۆین(وڵاتان) دا،جێگیکراوون

  • تواناکانی فێرخواز پەرەپێبدات، بەردەوام هەوڵبدات بۆ دەستکەوتنی زانیاریی، شارەزایی، کارامەیی و هەڵوێست کە ،پێویستن بۆ تاك،تاکوو بەهرە و تواناکانی بخاتەگەر بۆ پاراستنی چۆنێتی ژیان.
  • پشتگیریکردن و هاندانی هەڵوێستی ئەرێنی دەربارەی تەندروستیی، نرخاندنی وەرزش بۆ ژیان و پاراستنی ژینگە.
  • پەرەپێدانی توانای لێپرسینەوە، تیاڕامان/بیری ڕەخنەیی، بڕیاردانی ژیرانە, بیرکردنەوە لە مییانەی لێپرسینەوە(التفكير من خلال التحقيق) کە فێرخواز هەموو هەستەکانی بەکاربهێنێت.
  • دانانی بنکەیەکی پتەو بۆ گشەپێدانی تەکنەلۆژی، پیشەسازی و بەشەکانی تر، لەوانە بنەماکانی دانان و بەڕێوەبردنی کار(بزنس )بە بەرهەمهێنان.
  • یەکێتیی نەتەوایەتیی/ووڵات، فرەکەلتووری، فرە زمانی، فرە نەژادی و ڕەگەزی جیاواز لە خۆبگرێت.
  • چاندنی بەهاکانی دیمۆکراسی، هاندانی یەکسانیی کۆمەڵایەتیی، ئاکاری/مۆڕاڵی بەرپرسیارێتی و پابەندبوون بە ئەرکەکانەوە.
  • گرنگیدان بە تێگەیشتن و ڕێزنان لە کەلتوور ودینەکانی تر،
  • هاندان و بەرزڕاگرتنی هۆشمەندیی دەربارەی تێگەیشتنی جیهانی، هەماهەنگی لە نێو ووڵاتان و نەتەوەکاندا و ڕێزنان لە ئاشتی.
  • چاندنی ڕێزوخۆشەویستی و تێگەێشتن لە پیران و خاوەن پێداویستییە تایبەتەکان ،بە تایبەتی ئەوانەی کە تواناکانیان سنووردارن.
  • خۆشەویستیی ووڵات لە خۆبگرێت( نشتیمان پەروەریی/ نشتیمانبەندیی ، ناشناڵیزم)
  • پەرەپێدانی کارامەیی پەیوەندی (communication skill) بە گشت شێوەکانی: ئاخافتن، نووسین، فەرمی و نافەرمی.
  • تێگەیشتنی نەتەوایەتی/نیشتمانی لە مێژوو، لە کەلتوری کۆمەڵایەتی و ئابووری خۆماڵی.
  • پەرەپێدانی بیرۆکەی بڕوابەخۆبوون و چۆنێتی ڕابەرایەتیکردن.
  • پەرەپێدانی توانای بەشداریکردن لە کەلتووری چالاکیی وەرزشیی و هونەریی…هتد
  • پەرەپێدانی هەڵوێستی ئەرێنی و دڵشادکەرانە.”

پێوەری١٢ “ پێکانی ئامانجەکانی تاك بەدەست کارییەوە وەرگێڕدراوە٣

  • پێشبینی دەکرێت پەروەردە دڵنییایی لە فێرخوازدابچێنێت:
  • فراوانکردنی توانای داهێنان، نۆێکردنەوە و تیاڕامان/ بیری ڕەخنەیی(Critical Thinking)
  • کەلتووری سەخت کۆشی(hardworking)، بە شداری لە چالاکییە بەرهەمدارەکاندا.
  • هەڵوێستی ئەرێنی دەربارەی شێوازی/ستایەڵی تەندروستی ژیان ، وەکو خۆراك، پلانی خێزان , ژینگە, ئاو و ڕێنمایی تەندروستی.
  • پشتبەستن بە خود و بڕوا بە خود بۆ دەستکەوتنی زانیاریی و ئامادەیی بۆ گۆڕانکاری.
  • هزری لێپرسینەوە/ لێکۆڵینەوە، هەوڵدان بۆ دەستکەوتنی زانیاری.
  • بەهاکانی ڕەوشت،ڕێزداری و ڕۆ‌حی لێبوردن.
  • هۆشمەندیی و هۆشیاریی کۆمەڵایەتیی، پەرپرسیارەتی دەرباری بەهاکانی خێزان و کەسانیتر.
  • بنەمایەکی پتەو بۆ بەشداریکردن لە کاروباری کۆمەڵایەتیی و ئابووریی ووڵاتدا. “

سەرچاوەکان:

١. Gachukia, Eddah and Chung,Fay “ The textbook Writer’s Manual” ,International Institute for Capacity Building in Africa, UNISCO, ( 2005 Economic Communication for Africa): P 12

٢. هەمان سەرچاوەی پێشوو: ل٧ ٣. هەمان سەرچاوەی پێشوو: ل٧